هاتووچۆی سلێمانی ئامارەكانی شەش مانگی یەكەمی 2019 ی ڕاگەیاند

2019-07-02     2021

هاتووچۆ: مەریوان ئیسماعیل
فۆتۆ: كاروان بەشان

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەكانی ڕوداوەكانی هاتووچۆ‌و ژمارەی قوربانیان‌و داهات‌و خەرجی‌و كاروچالاكییەكانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2019)ی خستەڕوو.
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی (2/7/2019) بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌و تەلەفزیۆنەكان لەبارەگای هاتووچۆی سلێمانی لە تاسڵوجە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازكرد، لەكۆنگرەكەدا ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، سەرجەم ئامارەكانی ڕووداو‌و ژمارەی قوربانیان‌و داهات‌و خەرجی‌و كاروچالاكییەكانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2019) ئاشكراكرد.
وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەكەدا ئاماژەی بەوەكرد، لەشەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا (540) ڕووداوی هاتووچۆ هەبووە كە زۆربەیان بەهۆی تیژڕەوی‌و بێ‌ ئاگایی‌و مەی نۆشییەوە بووە، هاوكات بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە (75) كەس گیانیان لەدەستداوە‌و (1459) كەسیش برینداربوون، كۆی تۆماری یەكەمجاریش لەو شەش مانگەدا (26415) ئۆتۆمبێل تۆماركراوە، هەروەها هۆبەی هونەری لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا (160190) مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی كراوە كە ڕۆژانە لەو ماوەیەدا (1335) مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی كراوە، هەروەها كامێراكانی چاودێری لە شەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا (174399) سەرپێچیان تۆماركردووە، هاوكات هۆبەی مۆڵەتی شۆفێری لەشەش مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا (9055) مۆڵەتی شۆفێرییان داوە بە هاوڵاتییان‌و تێكڕای كارەكانی هۆبەی مۆڵەت لەو شەش مانگەدا (50,694) مامەڵەبووە، بەشی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی هاتووچۆش لەو شەش مانگەدا چەندین كاروچالاكییان ئەنجامداوە لەوانە (22) بەرنامەی ترافیك لە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان‌و سازدانی زیاتر لە (30) كۆڕ‌و سیمینار بۆ قوتابیان‌و زانكۆ‌و پەیمانگا‌و ڕێكخراوە ناحكومیەكان، پێدانی ڕێنمایی هاتووچۆ بە (62) باخچەی ساوایانی شاری سلێمانی‌و دەوروبەری كە لەم پرۆژەیەدا زیاتر لە (5000) هەزار منداڵ سوودمەند بوون، هاوكات لەو ماوەیەدا بەسەرپەرشتی بەشی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان زیاتر لە (18) سیمینار بۆ ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە هۆڵی سیمینارەكان سازدراوە.
سەبارەت بە داهات‌و خەرجی هاتووچۆی سلێمانی لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی (2019)دا ڕائیدی هاتووچۆ ( كاروان محەمەد صدیق) ئاماژەی بەوەكرد، داهاتی هاتووچۆ لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا (67,779,456,000) شەست‌و حەوت ملیار‌و حەوت سەد‌و حەفتاو نۆ ملیۆن‌و چوارسەد‌و پەنجا‌و شەش هەزار دینار بووە، لەو ماوەیەشدا خەرجی هاتووچۆ (10,022,978,000) دە ملیار‌و بیست‌و دوو ملیۆن‌و نۆسەد‌و حەفتا‌و هەشت هەزار دینار بووە.
ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بەهۆكاری زیادبوونی داهاتی هاتووچۆ جەختی لەوەكردەوە، باشبوونی باری گوزەرانی هاوڵاتییان‌و فەرمانبەران‌و كەم بوونەوەی كاریگەری قەیرانی دارایی، كەم كردنەوەی ڕۆتین بەفەرمانی بەڕێوەبەری هاتووچۆ، چاودێری‌و بەدواداچوونی بەردەوام‌و دڵسۆزی ئەفسەران‌و كارمەندان‌و فەرمانبەران لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان‌و هاتنی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ هەرێم بەتایبەتی بۆ پارێزگای سلێمانی، هاوكات وتەبێژی هاتووچۆ هۆكاری كەم بوونەوەی ڕووداو‌و قوربانیانی ڕووداوەكانی گەڕانەوە بۆ، پابەندبوونی زیاتری شۆفێران بەیاسا‌و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ، لێپرسینەوەی بەردەوام لە سەرپێچی كاران، چاودێری‌و بەدواداچوون‌و ڕۆڵی بەشی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری‌و ڕێنمایی هاتووچۆیی‌و ڕۆڵی ڕادیۆی ترافیك ئێف ئێم لە بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی هاتووچۆیی‌و پێدانی زانیاری‌و هۆشیاری بەشۆفێران‌و هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیمان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و دام‌و دەزگاكانی تری حكومەت‌و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی.  



© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft