هونەری شۆفێری كردنی سەركەوتوو و بێ هەڵە
2018-12-23     10144
شۆفێری كردن بەسەركەوتویی و بێ هەڵە خۆی لەخۆیدا هونەرە ، وەمەرج نیە هەركەس لەدوای سوكان دانیشت و ئوتومبێلی لێخوڕی لەشەقامەكان مومارەسەی ئەو هونەرە ناوازەیە بكات ، كەئەویش بەرهەمێكە لەئەنجامی ماندووبوونی مرۆڤەوە بەرهەم هاتووە .
وەك وتراوە چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ ئۆتۆمبێل و شێوازی شۆفێری كردن لەڕێگاوبانەكاندا كاردانەوەی كەسایەتی و شێوازی ژیانی كەسەكەیە . وەئاوێنەی ڕەنگدانەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ڕێزگرتنێتی بۆ بەرامبەر، هەوڵ ئەدەین چەند بنەمایەك بخەینە ڕوو كەئەتوانرێت ناوبنرێت بە ئەتەكێتی شۆفێری كردنی بێ هەڵە یان سەركەوتوو .
1.كێبڕكێ لەگەڵ هیچ ئۆتۆمبێلێك مەكە ئەگەرچی شۆفێرەکانی تر بیانەوێت هانت بدەن چوونکە بە پێشکەوتن و دواکەوتن هەر دۆڕاو ئەبیت لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێک.
2.پابەندبە بەو لەینە(ڕێڕەوەی ) بەسەریدا دەڕۆیت ،پێویستە شۆفێر ڕێز لەو ڕێڕەوە بگرێت كە ئوتومبێلەكەی لەسەری دەڕوات لەڕێگا گشتیەكاندا ،وەڕێز لەوشۆفێرانەی تر بگرین كەلەسەر هەمان ڕێڕەوی ئێمەن .پێویستە زۆر نزیك نەكەوینەوە لەئوتومبێلی پێش خۆمان و بەڕوناكی و هۆڕن بێزاری نەكەین و ناچاری نەكەین ڕێڕەو بگۆڕێت بۆئەوەی ئێمە تێی پەڕێنین بەتایبەت لە لۆفەكان و شوێنە مەترسیدارەكان ،یاخود تێپەڕاندنی ڕیزێك ئۆتۆمبێلی پێش خۆت و لەپڕچوونە ناو ئەوبۆشاییەی لەنێوان ڕیزە ئوتومبێلەکانی پێش خۆت دروست ئەبێت .ئەم كارە كەسێكی سەركێش ئەنجامی ئەدات ناگونجێت لەگەڵ هەڵسوكەوتی كەسێكی ڕۆشنبیرو پێشكەوتووخواز، بۆیە پێویستە لەكاتی گۆڕینی ئاراستەدا هێمای ئاگاداركردنەوە بەكاربێت و دابگیرسێت .
3.پارێزگاری لەئارامیمان بكەین لەكاتی شۆفێریدا .
هەندێك جار شێوازی شۆفێری كردنی هەندێك شۆفێر بێزارمان دەكات ،یان شۆفێرێك بەئەنقەست ئەیەوێت ( استفزاز)مان بكات لەكاتی شۆفێریدا ،لەوكاتەدا هەستی وەڵام دانەوە زاڵ دەبێت بەسەرتدا ،گەرهات و ئەو هەستەت هێنایەدی ، ئەوا ڕوبەڕوی كاردانەوەی خراپ ئەبیتەوە بەتایبەت گەر لەشەقامێكی گشتی یاخود ڕێگایەكی گشتی بێت لەناوكۆمەڵێك خەڵكدا ،لەبەرئەوە لەوكاتانەدا پێویستە كۆنترۆڵی هەڵچوونی خۆت بكەیت و مێشكت ئارام بێت ،ڕێگە بەخۆت نەدەیت هەستی وەڵامدانەوە زاڵ بێت بەسەرتدا .بۆیە دان بەخۆداگرتن باشترین بژاردەیە لەوكاتانەدا ئەگەرچی بەرامبەرەكەت وشەی ناشرین و هەڵسوكەوتی نەشیاویشی نواند بەهیچ جۆرێك دوای مەكەوەو وەڵامی مەدەرەوە .
4.نابێت ببینە هۆكاری گرتن و داگیر كردنی ڕێڕەوی چەپ ،چونكە پێویستە ڕێڕەوی چەپ هەمیشە كراوەبێت ،ئەو ڕێڕەوە تایبەتە بە حاڵەتە فریاگوزارێكان وپێویستەكان، بەكارهێنانی سایدی چەپ تەنها بۆتێپەڕاندی ئۆتۆمبێلی پێش خۆتەو دواترپێویستە بچینەوە سایدی ڕاست .
5. ڕێگەبدە ئوتومبێلەكانی تر تێتپەڕێنن .
ڕۆڵی شۆفێرێكی بێزاركەر مەگێڕە لەكاتێكدا ئۆتۆمبێلی دوای خۆت ئەیەوێت تێتپەڕێنێت تۆ ڕێگری بكەیت و ڕێگای تێپەڕاندنی پێنەدەیت ، سەرەڕای ئاگاداركردنەوەت لەلایەن شۆفێری دوای خۆت.
6.لەوێستگەكانی سووتەمەنیدا گورج وگۆڵ بین و كاتێكی زۆر نەمێنینەوە ،ئەگەركارێكی تایبەتمان هەبوو لەوێستگەكەدا پێویستە ئوتۆمبێلەكەمان لەشوێنی تایبەت بەوەستان ڕابگرین كەلەوێستگەكاندا دابین كراوە ،بەتایبەت لەو وێستگانەی كەلەسەر شەقامی گشتین تاوەكو نەبینە هۆكار بۆ ڕیزبەستنی ئۆتۆمبیل لەدوای خۆمانەوە .
7.پارك كردنی ئۆتۆمبێل با بەشێوەیەكی دروست بێت .
لەئێستادا لەزۆربەی شوێنەكانی پارك كردن هێڵكاری كراوەو بۆهەرئۆتۆمبێلێك ماوەیەكی گونجاو دیاری كراوە كەپێویستە ئوتۆمبێلەكان بەشێوەیەك پارك بكەین كەئاستەنگ بۆ سەرنشینەكانی خۆمان و سەرنشینی ئوتومبێلەكانی تر كەلە تەنیشتمانەوە پاركیان كردووە دروست نەكەین ،وە داگرتنی سەرنشین نابێت لەشوێنی تایبەت بەوەستانی هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی وەك (پاس وتاكسی) یاخود شوێنی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (پۆلیس وئاگركوژێنەوەو اسعاف )بێت .
8.ماف بدە بەوئۆتۆمبێلەی پێش تۆدەگاتە شوێنی پارك كردن بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی پارك بكات، چونكە هەرئۆتۆمبێلێك زووتر گەیشتە شوێنی پارك كردن ئەوا مافی خۆیەتی پێش تۆ ئۆتۆمبێلەكەی پارك بكات، بەتایبەت ئەگەر شوێنەكە شوێنی وەستانی یەك ئۆتۆمبێل بوو، لەكاتێكدا دوو ئۆتۆمبێل لەیەك كاتدا ئەگەنە شوێنی پارك كردن پێویستە ئەوئوتۆمبێلە پارك بكات لەو بۆشاییەی بۆپاركین ماوەتەوە كەنزیكە لەشوێنەكەوە.
9.لەكاتێكدا ئۆتۆمبێلێك لەسەرشەقامێك لەكاركەوتوەو وەستاوە بەهۆی كێشەیەكی میكانیكی یاخود هەرهۆكارێكی تر، پێویست ناكات لەخۆمانەوە لەدوایەوە بوەستین و هاوكاری بكەین ،مەگەر خۆی داوابكات ،هەرچەندە ئەمە هەڵسوكەوتێكی جوان و مرۆڤ دۆستانەیە ،بەڵام لەم سەردەمەدا بەهۆی زۆری ئامێری پەیوەندی و بونی كۆمپانیای دڵنیایی ئۆتۆمبێل كەبەزوترین كات بەهانایەوە ئەچن ئەو ئەركەی لەسەرشانمان لابردووەو پێویست ناكات گرفتی زیاتر بۆشەقامەكە دروست بكەین .
نوسینی
رائیدی هاتوچۆ
هەڵات صابر سعید