بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی تابلۆی پێنج ژمارەیی دابەش دەکات
2022-08-04     14877
کاتی چاپکردنی تابلۆیەک لە هاتووچۆی سلێمانی
دوا بەدوای خستنە بەردەستی تابلۆی چوار ژمارەیی، هاتووچۆی سلێمانی بڕیاریدا تابلۆی پێنج ژمارەیی بخاتە بەردەست بۆ ئەو هاوڵاتییانەی ئارەزوومەندن بیکڕن و وە بڕی ڕسوماتەکەی بریتییە لە (٢) دوو ملیۆن دیناری عێراقی.
دابەشکردنی ژمارەکان بەهەمان میکانیزمی پێشوو دەبێت و لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانییەوە داواکاری پێشکەش دەکرێت. ئەوەی گرنگە لێرەدا باس بکرێت بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە پێناو کارئاسانی زیاتر بۆ هاوڵاتییان سیستەمەکەی زیاتر بەرەو پێش بردووەو لەدوای پڕکردنەوەی فۆرمی داواکارییەکە راستەوخۆ هەموو ئەو زانیارییانەی هاوڵاتییەکە پڕی دەکاتەوە، لە پەڕەیەکدا تۆمار دەبن و دواتر لە ماڵپەڕەکە سەردانی بەشی بەدواداچوونی مامەڵە دەکرێت و هاوڵاتی دەتوانێت ئەو پەڕەیە چاپ بکات و وەک داواکاری بەکاری بهێنێت بەبێ ئەوەی دووبارە پێویست بکات لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان داواکاری بۆ ژمارەکەی پێشکەش بکات.
کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی داواکاری بۆ تابلۆی پێنج ژمارەیی لە رۆژی شەممە ٠٦/٠٨/٢٠٢٢ کاتژمێر ٠٨:٠٠ ی ئێوارە دەست پێدەکات و داواکار بۆ رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەکات بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکەی.
دەستپێکی ژمارەکان لە (١٠٠٠٠) دە هەزار دەست پێ دەکات بۆ (٩٩٩٩٨) وە بە پیتەکانی (N تا Z) بەردەست دەبێت بێجگە لە ژمارە نایابە دووبارەبووەوەکان (١١١١١) بۆ (٩٩٩٩٩).
تێبینی:وەرگرتنی ژمارەکان بۆ یەک هاوڵاتی تەنها یەک ژمارە ڕێگەپێدراوە و ئەگەر هاوڵاتییەک لە تابلۆ چوارییەکان ژمارەیەکی بە ناوەوە بێت ناتوانێت داواکاری بۆ تابلۆی پێنج ژمارەیی بەناوی خۆیەوە تۆمار بکاتەوە.