گرنگترین یاساكانی هاتووچۆ لە وڵاتی سوید

2018-11-18     2484

وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: مەریوان ئیسماعیل
لەگەڵ ئەوەی وڵاتی سوید یەكێكە لەپێشكەوتووترین وڵاتی جیهان لەڕووی سەلامەتی هاتووچۆوە، بەڵام بەردەوام حكومەت‌و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە لەهەوڵی باشكردنی ڕەوشی هاتووچۆ‌و كەمكردنەوەی ڕووداو‌و قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ‌و دابینكردنی سەلامەتی گشتیدان بۆ هاوڵاتیان لەسەر شەقام‌و ڕێگاوبانەكان، ئەوەش وایكردوە ڕێژەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ بەراورد بەوڵاتانی دیكە زۆر كەمبێتەوە.
سەركەوتنی سوید لەكەمكردنەوەی ڕووداو‌و دابینكردنی سەلامەتی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان، دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوكردنی ئەو بیروڕایەی كە هەركاتێك جموجۆڵی هاتووچۆ لەسەر شەقامەكان زیادیكرد، لێپرسینەوە‌و سزادان بەمەبەستی كەمكردنەوەی ڕووداو‌و پارستنی ژینگە زیاد دەكات.
سوید چیكردەوە بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ؟
لەساڵی (1997)دا پەرلەمانی سوید یاسایەكی تایبەت بەهاتووچۆی لەژێر ناوی (بینینی سفر) دەركرد، ئامانجیش لەو یاسایە كەمكردنەوە‌و بنەبڕكردنی ڕووداوەكانی هاتووچۆ بوو، ئەویش پشت بەستن بەچەند ڕێوشوێنێك، لەوانە دابینكردنی سەلامەتی هاوڵاتیان لەدروستكردن‌و نوژەنكردنەوەی ڕێگاوبان‌و پردەكان‌و كەمكردنەوەی ڕێژەی خێرایی ئۆتۆمبێلەكان بەتایبەتی لەناو شارەكاندا، بەجۆرێك لەهەندێك ناوچەی جێنشیندا ڕێژەی خێرایی ئۆتۆمبێل (30) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك بۆ (10) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دیاریكراوە، هەروەها دابینكردنی ڕێگەی تایبەت بۆ پاسیكیل‌و ماتۆرسكیل‌و دروستكردنی پردی تایبەت بەپەڕینەوەی هاوڵاتیان، دابینكردنی ڕوناكی بۆ شەقامەكان‌و دروستكردنی لەمپەڕ بۆ كەمكردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێل، بەوەش حكومەتی ئەو وڵاتە توانی سەركەوتووبێت لە كەمكردنەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدان بە هۆی ڕووداوەكانی هاتووچۆوە.
چۆن پۆلیسی سوید مامەڵە لەگەڵا سەرپێچیكەرانی یاساكانی هاتووچۆدا دەكات؟
لەوڵاتی سوید هەركەسێك سەرپێچی یاخود پێشێلی یاسا‌و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بكات بە تاوانبار دادەنرێت‌و پۆلیسی ئەو وڵاتە بەگوێرەی سەرپێچییەكەی سزای دەدات، پۆلیسیش چەند ڕێوشوێك دەگرێتە بەر بەمەبەستی ڕێگریكردن لە سەرپێچیكردنی یاسا‌و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ لەوانە:
دانانی كامێرای چاودێری لە ڕێگاوبانەكان‌و توندكردنی سزای لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە ژێر كاریگەری كهول‌و ماددەی هۆشبەردا.
لەگرنترین ئەو یاسایانەی بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە سویدادا كاری پێدەكرێت؟
زۆربەی یاساكانی هاتووچۆ لە وڵاتی سوید هەمان ئەو یاسایانەن كە لە هەندێك وڵاتی ئەوروپیدا كاری پێدەكرێت، لەوانە پێویستە بەشەو‌و ڕۆژ ڕوناك كەرەوەی ئۆتۆمبێلەكان كاربكات، هەروەها پێویستە هەموو سوارڕەوێك پشتێنی سەلامەتی بەكاربهێنێت‌و كورسی تایبەت بەمنداڵان بەكاربهێنرێت بەتایبەتی بۆ منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵ، بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل نادرێت لە ژێر كاریگەری مەی خواردنەوە یاخود مادەی هۆشبەردا‌و هەركەسێكیش ئەو كارە بكات سزای دارایی‌و زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت‌و هەندێك جاریش دەگاتە ئاستی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە كەسەكە، هەروەها یاسای دیاریكردنی خێرایی ئۆتۆمبێلە لە هەموو ئەو وڵاتەدا كاریپێدەكرێت، بەجۆرێك خێرایی ئۆتۆمبێل لە ناو شارەكاندا بە (50) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دیاریكرداوە، لە دەرەوەی شارەكانیش بە (70- 90 -110) كیلۆ مەتر لە كاتژمێرێكدا دیاریكراوە، لە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتەشدا ڕێگە نادرێت لەكاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا لە دوو خولەك زیاتر بزوێنەری ئۆتۆمبێل كاربكات ئەویش بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان‌و ژینگە لە پیس بوون.
 

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft