بۆچی پێوەری خێرایی لە ئۆتۆمبێلدا خێرایی ڕاستی ئۆتۆمبێلەكە پیشان نادات؟
2018-11-25     6820
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: مەریوان ئیسماعیل
هەرگیز ئەو پرسیارەت لە خۆت كردووە بۆچی پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێل زیاتر لە خێرایی ڕاستی ئۆتۆمبێلەكە پیشاندەدات، بۆ نموونە زۆرترین خێرایی ئۆتۆمبێلێك دەگاتە (180) كم لە كاتژمێرێكدا، لەكاتێكدا دەبینین كە لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكە نوسراوە (220) كم لە كاتژمێرێكدا كە ئەوەش زۆر زیاترە لە خێرایی ڕاستی ئۆتۆمبێلەكە.
پێوەری خێراییو هەڵخلەتاندنی بازاڕی.
سەبارەت بەو پرسیارە، یەكێك لە شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل كە پێشتر كارمەند بووە لە كۆمپانیای (نیسان) ی ژاپۆنی دەڵێت، نهێنی لە بوونی ئەو خێراییە نا ڕاستە لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكان بریتیە لە هەڵخەڵەتاندنو بەلاڕێدا بردنی كڕیارانی ئۆتۆمبێل لەلایەن كۆمپانیاكانی تایبەت بەدروستكردنی ئۆتۆمبێل، ئەویش بۆ ڕاكێشانی زیاتری كڕیارو دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان.
هاوكات ئەو شارەزایەی بواری ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوەدەكات كە (80%)ی ئۆتۆمبێلەكان لە سەر ڕێگاو بانەكان ناتوانن خێرایی (170) كم لە كاتژمێرێكدا تێپەڕێنن، چونكە خێرایی ڕاستی ئۆتۆمبێلەكە زۆر لەوە كەمترە كە لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكان هەیە، هاوكات تایەی ئۆتۆمبێلەكان ناتوانن بەرگەی ئەو فشارە زۆرە بگرن كە لەكاتی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلەكان بۆ ماوەیەكی زۆر بە خێرایی (220) كم لەكاتژمێرێكدا دەڕۆن، دەشڵێت، ئەو فێڵەی كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێل دەیگرنەبەر بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانیان ئەوەیە، كە كڕیارانو هەوادرانی ئۆتۆمبێل قایل بكەن بەوەی كە ئۆتۆمبێلەكانیان خێراییەكی زۆری هەیەو بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكانیش هێزێكی ڕادە بەدەری هەیە ئەویش لەپێناو زیاتر فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكان.
پێوەری خێراییو ڕوداوەكانی هاتووچۆ
ئەو فێڵو بەلاڕێدا بردنە لە پرۆسەی فرۆشتنو دۆزینەوەی بازاڕدا كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەكاردەهێنرێت بیرۆكەیەكی تازە نیە بەڵكو ماوەیەكی زۆرە بەكاردەهێنرێت، كە ئەوەش كاریگەری خراپو كوشندەی لەسەر شۆفێران دروستكردووە، چونكە شۆفێر بەردەوام هەوڵ دەدات خێرایی ئۆتۆمبێلەكەی بگەیەنێتە ئەو خێراییەی كە لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكە هەیە، ئەوەش بوەتە هۆی زیادبوونی ڕووداوو قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ لەسەر ڕێگاو بانەكان، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر سەلامەتی گشتی دروستكردووە، لەساڵی (1979)دا دەسەڵاتدارانی تایبەت بەئەسایشی ڕێگاو بان لە ئەمریكا یاسایەكیان دەركرد، كە بەپێی یاساكە ڕێگە بەهیچ كۆمپانیایەكی بواری ئۆتۆمبێل نادرێت پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكە لەگەڵ خێرایی ڕاستی ئۆتۆمبێلەكەدا یەك بێت، هاوكات لەیاساكەدا هاتووە نابێت نوسراوی سەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكە لە (135) كم لە كاتژمێرێك تێپەڕێنێت ئەویش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی شۆفێرانو كەمكردنەوەی خێرایی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەركردنی ئەو یاسایەو بەهۆی فشاری كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێلەوە یاساكە هەڵوەشایەوە، چونكە بەهۆی یاساكەوە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانیان كەمیكرد، هاوكات لەپێناو هۆشیار كردنەوەی شۆفێران بۆ كەمكردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلو ڕووداوی هاتووچۆ، هەستان بەدانانی هێمای تایبەتو ئاگاداركردنەوەی شۆفێران بۆ دیاریكردنی خێرایی ئۆتۆمبێلەكان بە (88) كم لە كاتژمێرێكدا.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا یاسایەكی دیكەیان داناو كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل پابەند كران بە جێبەجێكردنی، ئەویش بریتیی بوو لەوەی لە كاتی دروستكردنی ئۆتۆمبێلدا چەند هێمایەكی ئاگاداركردنەوە لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێل دابنێن، لەوانە هێمای ئاگاداركردنەوەی دەنگیو هێمای گڵۆپی سور لەكاتی گەیشتنی ئۆتۆمبێل بەخێرایی دیاریكرداو كە ئەویش (120) كم لە كاتژمێرێكدا.
لەبەر ئەو هۆكارانە ئاگاداری كڕیارانی ئۆتۆمبێل كراوە لەكاتی كڕینی ئۆتۆمبێلدا گرنگی بە پێوەری دیاركردنی خێرایی ئۆتۆمبێلەكە نەدەنو خێرایی ئۆتۆمبێل نەبەستنەوە بە تواناو هێزی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكەوە.