پێویستە كەی ڕۆنی بزوێنەری ماتۆڕسكیل بگۆردرێت
2018-12-03     1398
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: مەریوان ئیسماعیل
زۆربەی گەنجو لاوەكان لەجیهاندا بەمەبەستی گواستنەوە لەسەر شەقامو ڕێگاوبانەكانو گەشت كردنو دوركەوتنەوە لە قەرەباڵغی شەقامەكان ماتۆڕسكیل بەكاردەهێنن، بەڵام (50%) زیاتریان زانیاری تەواویان لەسەر بزوێنەرو كاتی گۆڕینی ڕۆنی بزوێنەرەكە نیە، ئەوەش كێشە بۆ ماتۆڕسكیلەكە دروست دەكات.
بەشێوەیەكی گشتی پێویستە ڕۆنی بزوێنەری ماتۆڕسكیل دوای ڕۆیشتنی (3700) میل واتە نزیكەی (6000) كم بگۆڕدرێت، بەڵام لەهەندێك كاتدا بەپێی ڕۆیشتنی ماتۆڕسكیلەكە ئەو پێوەرە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك ئەگەر شۆفێری ماتۆڕسكیل ڕۆژانە لە ناو شاردا ماتۆڕسكیلەكەی بەكاربهێنێت ئەوا ئەو ماوەیەی پێویستێتی بۆ گۆڕینی ڕۆنی بزوێنەرەكە كەم دەكات بۆ (3000) میل واتە نزیكەی (5000) كم.
سەبارەت بە فلتەری ڕۆنی ماتۆڕسكیل پێویستە دوای گۆڕینی ڕۆنی بزوێنەرەكە فلتەرەكەش ڕاستەوخۆ بگۆڕدرێت، بەڵام هەندێك كەس ئەو كارە ناكەنو فلتەرە كۆنەكە دەهێڵنەوە بۆ دووەم ڕۆن گۆڕین كە ئەوەش گرفتی گەورە بۆ بزوێنەری ماتۆڕسكیلەكە دروست دەكات، هاوكات پێویستە خاوەنی ماتۆڕسكیل ئەگەر شارەزایی لە بزوێنەرو كاتی گۆڕینی ڕۆنو فلتەری ماتۆڕسكیلدا نەبوو سەردانی كۆمپانیای تایبەت بە ماتۆڕسكیل بكات بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویست.