هاتووچۆی سلێمانی سەرکەوتنی پلانی گۆڕینی ئاراستەی هەندێک لە شەقامەکانی راگەیاند

2019-02-05     7230

ئەمڕۆ 2019.2.5 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بینای قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێز  ( ئاوات محه‌ممه‌د) قائیمقامی سلێمانی و عمیدی مافناس ( فەرەیدون عومەر ئەحمەد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و مقدمی هاتووچ( فەخرەدین ئەمین) بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشار سەرکەوتنی پلانی گۆڕینی ئاراستەی هەندێک لە شەقامەکانی سەنتەری شاری سلێمانیان راگەیاند.
لە کۆنگرەکەدا بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی ئەم پلانە، پلانی تریان دەبێت بۆ نەهێشتنی لۆد لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک محمود و چەند شەقامێکی تری ناوشاری سلێمانی و هاوکات بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بەبۆنەی سەرکەوتنی پلانەکەوە بەیاننامەیەکی ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن کرد کەئەمە دەقەکەیەتی: 
دوای ئەوەی پلانی گۆڕینی ئاراستەی شەقامەکانی زۆنی سەنتەری شاری سلێمانی لە چوار ڕۆژی رابردوودا قۆناغی ئەزموونی تێپەڕاند، زۆرینەی ئاماژەکان لە پراکتیزەی پلانەکە لەسەر شەقام، چاودێری و بەدواداچوونی وورد، وەرگرتنی ڕای ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان چ لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هەزار دانە فۆرمی راپرسی و چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی و رادیۆیی و رووبەڕووی ئەفسەران و کارمەندانمان لەگەڵ هاوڵاتییاندا هەروەها ئەو چاوپیکەوتنانەی لە کەنالەکانی راگەیاندنەوە بینیمان و گوێبیستییان بووین هەموو ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن قۆناغی ئەزموونی تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو سەنتەری شار. هەر بەو بۆنەیەوە بەڕێوەبەرایەتیمان لەکاتێکدا سەرکەوتنی پلانەکە رادەگەیەنێت لەهەمان کاتدا دەستخۆشی و سوپاسی بێپایانمان بۆ بەڕیزان پاریزگاری شاری سلێمانی و قائیمقام کە پشتیوانی و پەرۆشی ئەوان بۆ ئەم پلانە نەبووایە سەرکەوتوو نەدەبوو وە هەروەها سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ هەموو بەڕێوەبەرو سەرجەم ئەفسەران و کارمەندان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرێتی هاتووچۆی ناوشار و ئەندازەی هاتووچۆ و بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلیمانی  و رادیۆی ترافیک و سەرجەم دام و دەزگاکانی راگەیاندن و بەهەمان شێوە سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ (فەوجی ٣ ی لیوای پاراستنی سلێمانی) و (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی- جموجۆڵ) و (بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی- انچباگ) و (بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی – تجاوزات) کە زۆر ماندوو بوون بە پلانەکەو جێبەجێکردنییەوە.
بەلام هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە کە بەردەوامی سەرکەوتنی پلانەکە بەندە بە هەماهەنگی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی بەشی زیادەڕەوی شارەوانی سلێمانی و هەروەها هاوکاری شۆفیران.  چوونکە ناتوانرێت بەبەردەوامی ئەو هەموو تیمانە لە ئەفسەران و کارمەندان و هونەرییەکان لەسەر شەقامەکان لەو زۆنانەدا بهێڵینەوە چوونکە هەموان ئەرک و فەرمانی جۆراوجۆریان هەیە لە تێکڕای شەقامەکاندا.



© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft