نوێكردنەوەی ساڵانەی بارهەڵگر‌و كرێ‌ پێویستی بەپشتگیری سەندیكای كرێكاران‌و گواستنەوەیە

2019-02-19     6146


هاتووچۆ: مەریوان ئیسماعیل

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەداهاتودا پێویستە شۆفێری ئۆتۆمبێلی (كرێ‌ – بارهەڵگر) واتا هەڵگری تابلۆی سور‌و زەرد بۆ نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان پشتگیری سەندیكای كرێكاران‌و گواستنەوە بهێنن.
ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی هاتووچۆی ڕاگەیاند: لە سەر داوای سەندیكای كرێكاران‌و گواستنەوە‌و مەكتەبی تەنفیزی لە ڕۆژی (3/1/2019)دا بۆ وەزارەتی ناوخۆ -  بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەت، كاتێك ئەو كەسانەی خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر یاخود كرێن واتا ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵگری تابلۆی (سور‌و زەرد)ن لە كاتی نوێكردنەوەی ساڵانەكانیاندا داواكارییان كردوە كە ئەو كەسانە بنێردرێن بۆ سەندیكای كرێكاران‌و گواستنەوە بەمەبەستی هێنانی پشتگیری‌و پاش هێنانی ئەو پشتگیرییە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆدا كارو باری یاساییان بۆ دەكرێت‌و ساڵانەكانیان بۆ نوێدەكرێتەوە. 
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەوەكردەوە، كە وەزارەتی ناوخۆ لە بەرواری (19/1/2019)دا بەنوسراوێك سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆی ئاگاركردەوە كە هەروەك چۆن پێشتر خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر‌و كرێ‌ بۆ نوێكردنەوەی ساڵانەكانیان پشتگری باجی دەرامەتیان هێناوە پێویستە بەهەمان شێوە پشتگیری سەندیكای كرێكاران‌و گواستنەوە بهێنن، وتیشی بەپێی نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم كە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆكان كراوە، كار بەو بڕیارە دەكرێت‌و پێویستە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە پشتگیری سەندیكای كرێكاران‌و گواستنەوە بهێنن بۆ نوێكردنەوەی ساڵانەكانیان. 

© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft