هاتووچۆ - مەریوان اسماعیل
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی پلانی ئامادەكارییەكانی بۆ جەژنی نەورۆزو ڕۆژانی پشووەكانی دواتری راگەیاند.
ئەمڕۆ (19/3/2019) ڕائیدی هاتووچۆ (كاروان محەمەد صدیق) ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئامادەكارییەكانی هاتووچۆی بۆ جەژنی نەورۆزو ڕۆژانی پشووەكانی دواتری خستەڕوو، هاوكات بەناوی بەڕێوەبەری هاتووچۆو سەرجەم ئەفسەرو كارمەندانی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، جەژنی گەلی كوردی لەسەرجەم هاوڵاتیانو شۆفێرانی كوردستان كرد.
ووتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا پلانو ڕێنماییەكانی هاتووچۆی بۆ ڕۆژانی (20/21/22/3/2019) خستەڕوو.
پلانو ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بەم شێوەیە دەبێت:
1- بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ناوشار مەفرەزەكانی لە سنوری شاری سلێمانی دابەشدەكات بەسەر شوێنە گەشتیارییەكانو ئەو شوێنانەی لۆدو قەرەباڵغی زۆریان لەسەر دەبێت، ئەمە سەرباری ئەركو فەرمانی ئاسایی خۆیان.
2- سەرجەم ڕێگە لاوەكییەكانی كە دێتەوە سەر شەقامی سالم لە شەوی (19) لەسەر (20) دادەخرێن، تەنها ڕێگەی سەرەكی شەقامی سالم كراوە دەبێت، هەروەها ڕۆژی (20/3) كاتژمێر ( 3 ) پاش نیوەڕۆ شەقامی سالم لە باخی گشتییەوە تا پردی خەسرەو خاڵ بە ڕووی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێتو تەنها بۆ هاوڵاتیان واتە پیادەڕەو كراوە دەبێت.
3- ڕۆژی (21/3) لە ڕێگەی سلێمانی بەرەو شارباژێر و تونێلی پێشڕەو، ئاڕاستەی ئۆتۆمبێل بەپێی لۆدو قەرەباڵغی دیاریدەكرێت ، لە كاتژمێر ( 5 )ی ئێوارەوە ئۆتومبێل تەنها دەتوانێت لە تونێلی پێشڕەو بەرەو سلێمانی بگەڕێتەوە، چونیش بۆ شارباژێر لە ڕێگەی چیای ئەزمەڕەوە دەبێت.
4- تیمی فڕۆكەوانی هاتووچۆی سلێمانی لە ئەركو فەرماندا دەبن بە جۆرێك كە فڕۆكەكانیان بەسەر ئاسمانی سەیرانگاو شوێنە گەشتیارییەكاندا بەردەوام لە چاودێریكردندا دەبن، ئەویش بەمەبەستی چاودێریكردنو ڕێكخستنی ڕەوشی هاتووچۆ لە كاتی دروستبوونی لۆدو قەرەباڵغی لەسەر شەقامەكان و گواستنەوەی بریندار لەكاتی بوونی هەر ڕووداوێكی نەخوازراودا، هەورەها تیمی فڕۆكەوانی هەڵدەسێت بە بڵاوكردنەوەی هەزاران كارتی پیرۆزباییو ڕێنمایی هاتووچۆیی بەسەر هاوڵاتیاندا.
5- لە ڕێگاوبانەكانی دەرەوە بەتایبەتی ڕۆژی (21)و ڕۆژانی دواتر كە هاوڵاتیان سەردانی سەیرانگاو شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، لە تەواوی ڕێگاوبانەكان مەفرەزەو ئەفسەرو ڕێپێدراو كارمەندانی هاتووچۆ بونیان دەبێت ئەویش بەمەبەستی هاوكاریكردنی هاوڵاتیانو ڕێكخستنی ڕەوشی هاتووچۆ.
6- تیمی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانی هاتووچۆ لە ئەركو فەرماندا دەبن، ئەویش بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی هاتووچۆییو كاری وێنەگرتن.
7- ئەفسەرانو ڕێپێدراوانو كارمەندانی ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕۆژانە وەك ئەركی كارگێڕیو هونەری خۆیان بەردەوامن لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، هاوكات ڕۆژانی (20/21/22/3) سوود لە تواناكانیان وەردەگیرێت، ئەویش بەمەبەستی زیادكردنی مەفرەزەكانی هاتووچۆ لە ناو شارو شوێنە گەشتیارییەكانو ڕێگەوبانەكاندا.
8- هەروەها ڕێژەیەكی بەرچاو لە ئۆتۆمبێلو ماتۆڕسكیلو كرێنو فلاتەكانی هاتووچۆ لە ئەركو فەرماندا دەبن.
9- هەماهەنگی تەواو لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشو پۆلیسو تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیو بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتو گوزارو ڕێگاوبانو لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دەبێت بەمەبەستی خزمەتكردنی هاوڵاتیانو گەشتیاران.
10- كامێراكانی چاودێریكردنی خێرایی هاوشێوەی ڕۆژانی پێشوو لە ئەركو فەرماندا دەبن.
11- ڕادیۆی ترافیك (ئیف ئێم)ی سەر بە هاتووچۆی سلێمانی بەردەوام ڕێنماییو هۆشیاریی هاتووچۆیی بۆ شۆفێرانو هاوڵاتییان بڵاودەكاتەوە.
12- لەلایەن مەفرەزەكانی هاتووچۆ وە بە هەزاران كارتی پیرۆزباییو ڕێنمایی هاتووچۆیی لە سەیرانگاو شوێنە گەشتیارییەكاندا بەسەر گەشتیارانو هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت، هەروەها لەبازگەكاندا لەلایەن كارمەندانی هاتووچۆوە ئەو كارتانە دابەشدەكرێت بەسەر شۆفێراندا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەم بۆنەیەوە چەند ڕێنماییەكی هاتووچۆیی ئاڕاستەی هاوڵاتییان دەكات كە بریتین لە:
* بەكارهێنانی شانی ڕێگا (سەرخۆڵ) بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیەو سەرپێچیكار دووچاری لێپرسینەوەی قورسی یاسایی دەبێتەوە.
* شوفێریكردن لەژێر كاریگەری مەی قەدەغەیەو سەرپێچیكار ڕووبەڕوی سزای یاسایی دەبێتەوە.
* ئاڕاستەی ڕۆیشتنو هاتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامو ڕێگاو بانەكان وەك ڕۆژانی ئاسایی دەبێت، واتە ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێل بە ئاڕاستەی پێچەوانە قەدەغەیە، جگە لە تونێلی پێشڕەو ئەمەش لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی مەفرەزەکانی هاتووچۆی سلێمانیدا دەبێت.
* بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بار هەڵگری گەورە بۆ چوون بۆ سەیرانگاو شوێنە گەشتیارییەكان قەدەغەیە.
* لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت هاوشێوەی ڕۆژانی پێشوو قەدەغەیە.
* ئەو شۆفێرانەی كە بەلاساریو سەركێشیو كەمتەرخەمی شۆفێری دەكەنو دەبنە هۆی دروستكردنی گرفتو ئاستەنگی بۆ شۆفێرانی دیكە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو سزای یاسایی دەبنەوە.
* پێویستە شۆفێران پەیوەست بن بە خێرایی دیاریكراو لەسەر شەقامو ڕێگاوبانەكانی دەرەوە.
* سواربوونی سەرنشینو منداڵ لەناو ئۆتۆمبێلی دوا بەتاڵ و شوێنی نەشیاو قەدەغەیە.
* پێویستە سەرجەم شۆفێرو سەرنشینەكان پشتێنی سەلامەتی بەكاربهێنن.
*داواكارین لە هاوڵاتیانو شۆفێران لەكاتی دروستبوونی هەر ڕووداوێكی هاتووچۆو گرفتو ئاستەنگی هاتووچۆیی دا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە (188)ی كۆنترۆڵی هاتووچۆوە بكەن، تاوەكو بەزووترین كات هاوكاری هاتووچۆیتان پێبگات.