مۆڵەتی شۆفێری تایبەت بە تاكسی، دەدرێتە شۆفێری تاكسی
2020-03-01     7987
هاتووچۆ: مەریوان ئیسماعیل
لەماوەی ڕابردودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا پرۆسەی كاری شۆفێری تاكسی لە هەرێمی كوردستاندا بە پیشەیی بكات، بۆ ئەو مەبەستەش چەند بڕیارێكی دەركرد لەوانە نابێت فەرمانبەرانی حكومەت كاری شۆفێری تاكسی بكەن هەروەها پێویستە شۆفێری تاكسی مۆڵەتی تایبەتی بە لێخوڕینی تاكسی هەبێتو لۆگۆی تایبەتیش بە هەر پارێزگایەك دەدرێت لە تاكسیەكە.
پێشتر شۆفێری تاكسی مۆڵەتی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆ وەردەگرت، بەڵام لە ئێستاداو بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو مۆڵەتە گشتیە دەگۆڕێت بۆ مۆڵەتی تایبەت بە لێخوڕینی تاكسی، هەر شۆفێرێكی تاكسی دوای ئەوەی لە بایۆمەتریو ڕێكارەكانی دیكە كە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامی دەدات دەبێتە شۆفێری تاكسی ڕێگەپێدراو، مۆڵەتی شۆفێری كۆنەكەی بۆ دەگۆڕدرێت بە مۆڵەتی نوێ بە دەستەواژەی ( مۆڵەتی شۆفێری تاكسی).
مۆڵەتە نوێیەكەی شۆفێری تاكسی بەبێ وەرگرتنی ڕسومات دەدرێت، لەبەر ئەوەی ئەو مۆڵەتەی پێشتر هەیبووە ڕسوماتی لێوەرگیراوە، شۆفێری تاكسی ڕێگەپێدراو دەتوانێت تۆماری ئۆتۆمبێلەكەی بگوازێتەوە بۆ ئەو پارێزگایەی كە مۆڵەتی شۆفێری لێ وەرگرتووەو كاروباری مۆڵەتەكەی لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی بۆ بكرێت كە ئۆتۆمبێلەكەی لێ تۆماركراوە، هەروەها مەرج نیە شۆفێری تاكسی ڕێگەپێدراو ئۆتۆمبێلەكەی بەناوی خۆیەوەبێت.