پەیامی هاتوچۆی سلێمانی لەڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕوداوەكانی هاتوچۆ

2020-11-15     2347

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانی ڕوداوەكانی هاتوچۆیە، ساڵانە لەسێیەم یەكشەممەی مانگی نۆڤەمبەردا یادی ئەمڕۆژە دەكرێتەوە، ڕۆژی جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانی ڕوداوەكانی هاتوچۆ لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەر بەڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانەوە دیاریكراوەو
بۆ رۆحی پاكی ئەوكەسانەی بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان سپاردوە یان كەمئەندام بون‌و بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە.
ڕێكخەرانی ئەمڕۆژە لەجیهاندا ئاماژە بەوەدەكەن، ساڵانە زیاتر لەملیۆنێك كەس دەبنە قوربانی ڕوداوەكانی هاتوچۆو تەئكیددەكەنەوە، پێویستە ڕێگە لەهۆكارەكان بگیرێت‌و چارەسەری پێویست بۆ قوربانییان بكرێت.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵی ڕابردوو ئاماژەی بەوەدا، لەهەر 24 چركەیەكدا كەسێك بەڕوداوەكانی هاتوچۆ گیانلەدەستدەدات‌و ڕێژەكەش تادێت ڕوو لەهەڵكشان دەكات بەهۆی زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی لەسەر گۆی زەوی.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، لەساڵی 2008 تاوەكو ساڵی 2018 واتە لەماوەی 10 ساڵدا بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆوە نزیكەی 23 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوەو 79 هەزار كەسیش برینداربون‌و زیانی یەك ملیار دۆلاریشی لەئابوری ‌عێراق داوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمیش، ساڵانە زیاتر لەهەزار كەس بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆوە گیانلەدەستدەدەن‌و 10 هەزار كەسیش برینداردەبن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەمڕۆژەدا جەختدەكاتەوە لەسەرئەوەی، لەخەمی ئەوەداین ئەو ژمارانە كەمتربكەینەوەو كاردەكەین پەیامی خۆمان بگەیەنینە شۆفێران، تا دوربكەونەوە لەو سەرپێچیانەی كە دەبێتە مایەی كارەسات.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەمڕۆژەدا جەختدەكاتەوە، هۆكاری ڕوداوەكانی هاتوچۆ بەشێكی پەیوەندی بەخراپی ڕێگاوبانەكان‌و بەشەكەی دیكەشی پەیڕەونەكردنی یاسای هاتوچۆیە لەلایەن شۆفێرانەوە، بۆیە دەمانەوێت پەیامی هاتوچۆ بگەیەنین بەسەرجەم شۆفێران‌و هاوڵاتیان تاوەكو دوربكەونەوە لەو مەترسیانەی دەبنە هۆكاری ڕوداوەكانی هاتوچۆ.
ئێمە لەهاتوچۆی سلێمانی‌و لەمڕۆژەدا داوادەكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت‌و ستراتیژێكی نیشتیمانی بۆ كەمكردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ دابڕێژێت‌، هەروەك داوادەكەین، بەشێك لەو داهاتەی بەناوی ژینگەو ڕێگەوبان لەشۆفێران وەردەگیرێت لەهەرێمی كوردستان، بخرێتە سندوقێكی تایبەتەوەو پارەكەی بۆ بواری پەرەپێدانی هاتوچۆ خەرجبكرێتەوە.
بەداخەوە ئەمساڵ لەكاتێكدا ئەم یادە دێتەوە، سەرپێچی شۆفێران زیادیكردوەو ئەوەش بەهۆی بارودۆخی گشتیەوە، زەمینەی لێپرسینەوەو سزادانی سەرپێچیكاران سەخت بوەو دۆخی  ئەفسەران‌و كارمەندانیش دژوارو نالەبارە بەهۆی دواكەوتن‌و كەمكردنەوەی موچە لەلایەك‌و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناش لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ بێباكی بەشێكی زۆری شۆفێرانیش.
هەربۆیە بەپێوستی دەزانین لەڕێگەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن‌و ناوەندەكانی خوێندنەوە هۆشیاری زیاتر بدرێت بەهاوڵاتیان‌و شۆفێران لەو هەڵانەی دەبنە هۆكاری ڕوداوی كارەساتباری هاتوچۆ.
لەكۆتاییدا سەرباری ناردنی درود بۆ گیانی هەموو ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوەو هیوای زوو چاكبونەوەش بۆ هەموو ئەوانە دەخوازین كە بەوهۆیەوە زامداربون، هاوكات تكا لەهاوڵاتیان‌و شۆفێران دەكەین زیاتر پابەندی یاساو ڕێنماییەكانی هاتوچۆبن، چونكە چەند ڕێگەوبانی مۆدێرن هەبێت، ئەگەر پابەندی نەبوو، ئەوا ڕێژەی ڕوداوو ژمارەی قوربانیەكانیش هەر ڕوو لەزیادبون دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی
15ی نۆڤەمبەری 2020
© 2024 Sultraffic.com, All right reserved    -     Developed By Kurdsoft