ڕێكارەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیل
2022-03-01     5079
هاتووچۆ - دیار عباس
بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ماتۆڕسكیل لە سەر شەقامەكان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی هەبوونی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیلی كردوە بەمەرجی سەرەكی بۆ لێخوڕینی ماتۆڕ، هەر خاوەن ماتۆڕێكیش بەبێ مۆڵەت شۆفێری بكات دەست بەسەر ماتۆڕەكەیدا دەگیرێت.
سەبارەت بە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕكسیل مقدمی هاتووچۆ (كاوان عومەر محەمەد) لێپرسراوی هۆبەی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕكسیل بە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی ڕاگەیاند، پێویستە داواكار خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی بێتو تەمەنی (16) ساڵی تەواو كردبێت، كەسەكە بەمەبەستی وەرگرتنی نامیلکە (کوراسە)ی تایبەت بە مۆڵەتی ماتۆِر سەردانی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە تاسڵوجە بكات و پاشان پشكنینی چاو ئەنجام بدات، هەر لە بەشی مۆڵەت نوسینگەی تایبەت بە فێربوونی لێخوڕینی ماتۆڕسكیل بۆ فێرخواز دیاری دەكرێت، كە ماوەی وانەكان لە نوسینگە تەنها سێ وانەیە، دوای تەواو بوونی فێرخواز لە نوسینگە، تاقیكردنەوەی تیۆری لە هاتووچۆی سلێمانی ئەنجام دەداتو پاش هەفتەیەك لە دەرچوونی، تاقیكردنەوەی پراكتیكی ئەنجام دەدات ئەگەر سەركەوتوبوو ئەوا دەبێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیل.
سەبارەت بەو هاوڵاتیانەی كە دانیشتووی قەزاو ناحیەكاننو خوازیاری دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیلن مقدم کاوان رایگەیاند دەتوانن لە بەڕێوەبەرێتیەكانی هاتووچۆی (سەید سادق، چەمچەماڵ، پێنجوێنو دەربەندیخان) نامیلکە (كوراسە)ی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕ وەربگرنو لەو بەڕێوەبەرێتییانە ڕێكارە یاساییەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆر ئەنجام دەدرێت.
مقدم کاوان عمر ئاماژەی بەوەدا ئەو كەسانەی كە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری تایبەتو گشتینو خوازیاری دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیلن، دەتوانن سەردانی بەشەكەمان بكەن بۆ وەرگرتنی نامیلکە (كوڕاسە) دواتر هەمان ڕێكارەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسكیلیان بۆ ئەنجام دەدرێت.