سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و چەند ئەندامێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانییان کرد
2022-09-07     2102
سەرۆکی ئەنجومەنی سلێمانی ئەندامانی یاوەری
ئەمڕۆ ڕێکەوتی 07/09/2022 چوارشەممە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێز ( ئازاد محمد) بە یاوەری چەند ئەندامێک لە لیژنە جیاوازەکانی ئەنجوومەن کە هەر یەک لە بەڕێزان (بەرزان حامد، ئیسماعیل علی و خدیجە عبدالجبار) سەردانی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیان کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە وەکالەت بەڕێز (عمید: عمر نامق) وە چەند ئەفسەر و لێپرسراوی هۆبەو بەشەکان پێشوازییان لێکرا.
ئامانجی سەردانەکە بۆ بەدواداچوون لەسەر چەند پرسێک کە پەیوەندیدارە بە کاروبار و کێشەی هەندێک لەو کۆمپانیایانەی کە ئوتومبیل هاوردە دەکەن، هەروەها هەندێک لەو کێشانەی کە لەپێشتردا ڕووبەڕووی هاوڵاتییان دەبوەوە لەکاتی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، وە بەشێک لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی شۆفێران دەبێتەوە لەسەر شەقامەکان و هەروەها ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرێتی ئەندازەی هاتووچۆوە هەیە لە ڕووی هێڵکاری سەر شەقامەکان وە هێما ڕێنیشاندەرەکانی ناو شاری سلێمانی، لەهەمان کاتدا تاوتوێکردنی پرسی کەمکردن و نەهێشتنی ڕۆتین لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتیان لەم بەڕێوەبەرایەتییەدا.
لەم ڕووەشەوە بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەن ئەو ڕێکار و هەنگاوانەی خستە ڕوو کە لەماوەی دەستبەکاربوونیەوە چاکسازی تیادا کردووە هەروەها ئەو گرفتانەی کە لەئێستادا بوونیان هەیە و کار لەسەر چارەسەرکردنیان دەکەن، بەشێک لەو پرسیارانەی کە لەلایەن میوانانی ئەنجومەنەوە هەبوون ئەفسەرانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە ڕوونکردنەوەو وەڵامی پێویستیان خستەڕوو.