سیستەمی نوێی مۆڵەت لە هاتووچۆی سلێمانی کاری پێدەکرێت
2022-11-14     7716
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە رەسمی کەوتە کار.
بە ئامادەبوونی (دکتۆر. هەڤاڵ ابوبکر) پارێزگاری سلێمانی و (دکتۆر. سامی جلال) ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وە (عمیدی هاتووچۆ: عمر نامق) بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی (بە وەکالەت) و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بەش و هۆبەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ مەراسیمێک سازدرا بۆ بە رەسمی کردنەوەی پڕۆژەی سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە پارێزگای سلێمانی.
عقیدی هاتووچۆ (شیلان عثمان مجید ) بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند کە سیستەمەکە لە ڕێکەوتی ٢٧/١٠/٢٠٢٢ بەشێوەی ئەزموونی (تێست) کاری پێکراوە و دوای سەرکەوتووبوونی پڕۆژەکەو نەبوونی گرفت رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤/١١/٢٠٢٢ بەشێوەیەکی فەرمی پڕۆژەکەمان خستە کار، وە رۆژانە ٣٢٠ بۆ ٣٤٠ مۆڵەتی شۆفێری بە هەموو جۆرەکانیەوە مامەڵەکانیان ڕایی دەکرێت.
جێی ئاماژە پێکردنە لە ئێستادا ئەفسەران و کارمەندانی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانەی داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتن و نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان لە بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی تا کاتژمێر (٦) ی ئێوارە ئەمێننەوە.