لەدوای گۆڕینی سیستەمی مۆڵەتی شۆفێری بۆ شێوازی ئەلیکترۆنی کار و مامەڵەی هاوڵاتییان گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هات، شێوازەکە بە تەواوەتی بە کۆمپیوتەری ئەنجام دەدرێت و ئەم سیستەمە بەشێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکان پێکەوە دەبەستێتەوە ، هەندێک جار بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە سیستەمەکە ڕادەوەستێت و دەبێتە هۆی پەکخستنی مامەڵەی هاوڵاتییان لەبەرئەوەی سیستەمی سەرەکی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی نییە دەبێت چاوەڕێ بین تاوەکو سیستەمەکە چالاک دەکرێتەوە. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی جاروبار مامەڵەی هاوڵاتییان دوا بکەوێت. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕابردوو و ئێستادا پێشەنگ بووە لە ڕایی کردنی مامەڵەی هاوڵاتییان و هەمیشە لە خزمەتی هاوڵاتییاندا بووە، لە ئێستادا کە سیستەمەکە بووە بە ئەلیکترۆنی رۆژانە ٣٥٠ - ٣٨٠ مامەڵەی هاوڵاتییان بەڕێ دەکرێت و بەشی مۆڵەتی شۆفێری بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ بۆ ٠٥:٠٠ ی ئێوارە لە ئەرکدان.