وەزارتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد سەبارەت بە پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی
2023-01-25     3362
بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەی لۆگۆی تاکسی لە هەرێمی کوردستان کە پڕۆژەیەکی هاوبەشە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، بەڕەچاوکردنی بارودۆخی ئابووری و بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵک و ئەو توێژەی کاری شۆفێری تاکسی دەکەن، وەزارەتی ناوخۆ پاڵپشت بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦) ی ساڵی ٢٠٠٩ ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەیاندا:
یەکەم: پێدانی لۆگۆی تاکسی بەو شۆفێرانەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و لە هێڵی گواستنەوەی نێوان ئەو ناوچانەو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو مەرجەی بەر لەم فەرمانە خاوەن هێڵی گواستنەوە بن بە پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند، بۆ ئەم مەبەستە ئەو شۆفێرانە دەتوانن هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کورستان یان حکومەتی فیدڕاڵی بن.
دووەم: پێدانی لۆگۆی تاکسی بەو هاوڵاتییانەی کە دانیشتووی شارەکانی هەرێمی کوردستانن بە پشتگیری موختار و ئاسایشی گەڕەک، ئەگەر بەڵگەنامە فەرمییەکان سەر بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بێت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شارەکانی هەرێمی کوردستان هاوکار دەبن بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری تایبەتمەند بەو هاوڵاتییانە.
سێیەم: هەر مووچەخۆرێکی کەرتی گشتی کە کۆی گشتی مووچەکەی لە (یەک ملیۆن دیناری عێراقی) کەمتر بێت، ڕێگای پێ دەدرێت کە لۆگۆی تاکسی وەربگرێت. پێویستە ساڵانە لەکاتی نوێکردنەوەی لۆگۆی تاکسی پشتگیری فەرمانگەکەی کە کۆی مووچەکەی تیادا ڕوون کرابێتەوە، بباتە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند، لە دوای ئەم فەرمانە پێویستە ئەو مووچە خۆرانەی کەرتی گشتی کە کاری شۆفێری تاکسی دەکەن لە دەرەوەی کاتی دەوامیان، بەپەلە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی لۆگۆی تاکسی.
چوارەم: لە دوای دەرچوونی ئەم فەرمانە تا ڕێکەوتی ( ١٥/٠٧/٢٠٢٣) مۆڵەت دەدرێتە ئەو شۆفێرانەی تاکسی کە بەو هۆکارانەی لەو فەرمانە هاتووە یان بە هۆکاری دیکە ڕێکارەکانی لۆگۆی تاکسییان تەواو نەکردووە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند بکەن بۆ تەواو کردنی ڕێکارەکان. بە پێچەوانەوە لە دوای ئەم ڕێکەوتەی سەرەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی شارەکان بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٩ ڕێنمایی ڕێکخستنی کاری شۆفێری تاکسی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەست دەگرن بەسەر هەر تاکسییەک کە بە بێ لۆگۆ کار بکات.