گەر دەتەوێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بکەیت بەمەبەستی نوێکردنەوە، دەرهێنان یان گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری پێویستە پێشوەختە و رۆژێک پێش سەردانیکردن سەردانی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی بکەیت بەمەبەستی وەرگرتنی نۆرە بۆ رۆژی دواتر.
دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییە دوای ئەوە دێت لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا چەند هاوڵاتییەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانیان کردووە بە بێ ئەوەی کۆدیان وەرگرتبێت لە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی.
لێرەوە ئاگاداری هاوڵاتییانی بەڕێز دەکەین ئەگەر کۆدی سەردانیکردن وەرنەگرن لە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی لەکاتی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی – بەشی مۆڵەت کارەکانتان بۆ ڕایی ناکرێت.
لە خوارەوە سەرجەم ئەو زانیارییانەی کەپێشتر بڵاومان کردبۆوە بۆ ئەم مەبەستە بۆتان دادەنێینەوە
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە پێناو کارئاسانی کردن بۆ هاوڵاتییان بڕیاریدا سەردانیکردنی بەشی مۆڵەت بکات بە شێوەی نۆرە نووسینی ئۆنلاین لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانییەوە.
پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لۆدێکی زۆر لە سەر بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دروست بوو بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەدوای چارەسەرێکی گوونجاودا گەڕان بۆ کارئاسانی کردن بۆ هاوڵاتییان تاکو ئەو هاوڵاتییانەی سەردان دەکەن لەهەمان رۆژدا کارەکانیان بۆ تەواو بکرێت، لەو ڕوانگەیەوە بڕیاردرا کە سیستەمی نۆرەگرتنی ئۆنلاین لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانیەوە بخرێتە کار، پێشتر کار بەم سیستەمە کراوەو سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە ئاسانکاری کردن بۆ هاوڵاتییان.
پێش سەردانکردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئەو هاوڵاتییەی دەیەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربکات یان نوێی بکاتەوە دەبێت چی بکات؟
سەرەتا و رۆژێک پێش سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی پێویستە هاوڵاتییەکە سەردانی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی بکات بەمەبەستی نۆرە گرتن و دوای وەرگرتنی مامەڵەکەی لە بەشی بەدواداچوونی مامەڵە لە ماڵپەڕەکەدا بۆ رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەکات و کارەکانی لەبەشی مۆڵەت بۆ ڕایی دەکرێت
- رۆژانە (٤٥٠) مامەڵە لە ماڵپەڕەکەدا وەردەگیرێت و هەر هاوڵاتییەک فریا نەکەوت کۆدی سەردانیکردنی وەربگرێت بۆ رۆژی دواتر دەتوانێت هەوڵ بداتەوە
- هاوڵاتی دەتوانێت مانگێک پێش بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی داواکاری پێشکەش بکات بۆ نوێ کردنەوەی مۆڵەت.
- هاوڵاتی لە بەرواری بەسەرچوونی مۆڵەت تا ٣٠ رۆژ دوای بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی هیچ سزایەک نادرێت.
- دوای ئەوەی هاوڵاتی لە بەشی بەدواداچوونی مامەڵە، داواکارییەکەی وەرگیرا دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بکات، ئەگەر لە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی داواکارییەکەی هەڵبوەشێتەوە نابێت سەردان بکات و بۆ رۆژی دواتر دەتوانێت دووبارە هەوڵی وەرگرتنەوەی کۆدی سەردانیکردن بدات.
- کاتێک مامەڵەکە وەرگیرا لە بەشی بەدواداچوونی مامەڵە، پێویستە ئەو کۆدەی لە ماڵپەڕەکە وەری دەگرێت پێی بێت.
ـ لەکاتژمێر ٠٧:٠٠ی شەو وەرگرتنی کۆد لە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی دەست پێدەکات
ـ کاتی سەردان کردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی پێویستە لەکاتژمێر ١۱:٠٠ی نیوەڕۆ تێپەڕ نەکات
-ئەو کۆدەی لە ماڵپەڕەکە وەری دەگریت تەنها بۆ یەک رۆژ بەکاردێت
-ماڵپەڕەکە لە رۆژی شەممە بۆ چوارشەممە کراوە دەبێت بەمەبەستی نۆرە گرتن بێجگە لەو رۆژانەی بۆ رۆژی دواتر پشووە
- لەکاتی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ دەرکردن یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەکەت پێویستە ئەم پێداویستییانەت پێبێت:
- کۆدی سەردانیکردنی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی پێبێت
- پشكنینی پزیشکی
- كارتی نیشتمانی ئەگەر نەبوو رەگەزنامەی عێراقیو پێناسی باری كەسێتی
- كارتی زانیاری
- پاسپۆرت – یاخود ناوەكەی لای كەسێكی شارەزای زمانی ئینگلیزی بنوسێتو لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت
- ئەو كەسانەی كە بیانین، واتە عێراقی نین، پێویستە پشتگیری شوێنی نیشتەجێبوون بە پەسەند كراوی لە قائیمقامیەتی سلێمانی بهێنن.
- پێویستە و مەرجە هاوڵاتی لەکاتی سەردانیکردن بەڵگەنامە رەسەنەکان ( ئەسڵییەکان)ی پێبێت.
کلیک لێرە بکە بۆ کردنەوەی نۆرەگرتنی بەشی مۆڵەتی شۆفێری
کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە بۆ کردنەوەی بۆ بەدواداچوونی مامەڵەکەت