ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی
2023-03-08     2361
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی بەڕێز دەکات بەهۆی ناسەقامگیری کەش و هەوا وە بارینی بارانێکی زۆر کە وا دەکات لە هەندێک لە شەقامەکان باراناو کۆ ببێتەوە وە گریمانەی ئەوە دروست دەکات کە پەککەوتن بۆ ئوتومبیلەکان بهێنێتە کایەوە یاخود گریمانەی دروستبوونی لافاو وە لە پێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتییان، ئاگاداری بەڕێزتان دەکەین کە بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لەم کاتانەدا شۆفێری نەکرێت بەرەو ئاراستەی ناوشار و ناوچە شاخاوییەکان و ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شار تا ئەو کاتەی دۆخی کەش و هەوا ئاسایی دەبێتەوە. وە لە حاڵەتی پێویستیدا باش وایە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بکرێت:
1. ئەگەر بە شەقامێکدا شۆفێریت کرد و بینیت ئاستی باراناو بەرزە خێرایی ئوتومبیلەکەت کەم بکەرەوە بۆ ئەوەی ئەو باراناوە بەرەو ئاراستەی بزوێنەرەکە نەچێت وە ببێتە هۆی کوژاندنەوەو پەککەوتنی بزوێنەرەکە.
2. ئەگەر لە شوێنێک هەستت کرد لافاو دروست بووە لەسەر ئەو شەقامە یان ڕێگایە بەرەو ئاراستەی لافاوەکە مەڕۆ چوونکە لەم کاتانەدا زۆر بە ئاسانی ئەو لافاوە دەتوانێت سوارڕەوەکەت ڕا بماڵێت و مەترسی خنکاندن و کارەساتی لێ دەکەوێت.
3. وە سەبارەت بە شۆفێریکردن لە ڕێگاو بانەکانی دەرەوەی شار، پێویستە شۆفێران بە خێراییەکی گوونجاو و لەسەرخۆ شۆفێری بکەن و ماوەی نێوان ئوتومبیلەکان بپارێزن وە بەهیچ جۆرێک تێپەڕاندنی هەڵەو مەترسیدار بە ئەنجام نەگەیەنن.
وەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پاریزگای سلێمانی سەرجەم مەفرەزە تایبەتمەندەکانی ڕێگاوبانی ناوشار و دەرەوەی شار و کرێن فلات و تادانۆکانمان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان هەروەها میدیای هاتووچۆی سلێمانی لەڕێی ماڵپەڕو سۆشیال میدیای هاتووچۆی سلێمانی و ڕادیۆی ترافیک FM بە شەپۆلی 88.05 ئاگادارتان دەکات لە کاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی لە ناکاو و مەترسیدار، هەروەها هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیمان ژمارە ١٨٨ کە ٢٤ کاتژمێر بەردەست دەبێت.
هیوادارین لە شۆفێرانی بەڕێزو خۆشەویست پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵیان لە هەر جۆرە ڕووداو و کارەساتێکی سروشتی و هاتووچۆیی.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی