وەزارەتی ناوخۆ دوو بڕیاری تایبەت بە بواری هاتووچۆی دەرکرد
2024-01-23     10096
یەکەم: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لێخۆشبوون دەکرێت بۆ سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئوتومبیل( سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شۆفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتە سەر بەهۆی نەگواستنەوەی خاوەنداریەتی ئەو ئوتومبیلانەی کڕیویانە ئینجا بەهۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێ ئاگایی لە ڕێنماییەکان، پێویستە لەمەولا هاوڵاتییان لەماوەی یاساییدا خاوەنداریەتی ئوتومبیل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدووربن.
دووەم: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وەزاریان بە ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤ (تایبەت بە دووهێندە بوونی سزاکانی هاتووچۆ) ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ.
داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و کەڵەکە نەبێت و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە.