پسپۆڕی وەک و چەمکێک، زۆرتر لە دوو دەیەی ڕابردووەوە خۆی فڕێداوەتە ناو زمانی کوردییەوە. زیاتریش لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بۆ ناساندنی (کەسانێک)ی دیاریکرا بۆکارێکی دیاریکراو خراوەتە ڕوو. پسپۆڕیش وەک گەلێ چەمکو زاراوە ڕیشەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ یۆنانییەکان. لەکۆندا یۆنانییەکان پێیان وتووە (Sophos) سۆڤۆس: بەکەسێکی بیرکەرەوە و بیرمەند وتراوە، ئەفلاتوون لە پەرتووکی Noble Lie دا ئەڵێ: زۆربەی خەڵک، کەسی نەشارەزا و سادەن. ئەم کەسانە ناتوانن ڕابەرایەتی کۆمەڵگا بکەن. لەبەر ئەوە پیویستە دەستەبژێر هەبێ. ئەوانیش کەسانێکن کە بیر ئەکەنەوە. لەم واژانەی سەرەوەدا ئەگەینە ئەو ڕاستییە کە پسپۆڕ لای ئەفلاتوون بەکەسە بیرمەند و بیرکەرەوەکان ئەوترێ. هەر لەم سۆنگەیەشەوەیە لە پەرتووکی کۆماردا و لەبارەی حوکمڕانیدا. ئەفلاتوون: سەرۆک و کاربەدەستە باڵاکانی حکومەت بە فەیلەسوفەکان ئەسپێرێ، بۆ ئەوەی وڵات بەباشی بەرێوەبەرن. چونکە فەیلەسوف شارەزای تەواوی لەکۆی بوارەکانی ژیاندا هەیە. شارەزای تەواو لە کۆی کایەکانی ژیان و زانستەکان، ناسنامەیەک بوو بە مرۆڤە بیرمەندوو بیرکەرەوەکان و خاوەن زانستەکان ئەبەخشرا، ئەم پێناسەیە بۆ زانستوان و بیرمەندان، تا قۆناغی ڕێنیسانس درێژەی کێشا. بەڵام لە دوای ڕێنیسانس و شۆڕشی پیشەسازی و هاتنە ئارای چەمکە نوێیەکان، زانستەکان جیاکرانەوە، زاناکان و فەیلەسوفەکانیش هەریەکەیان ڕێچکەو ڕێباز و میتۆدی خۆیان بۆ شیکاری دیاردەکان و میتاڵەکان و دۆزەرەوەو داهێنانەکانیان گرتە بەر. تاکۆتایی نەوەدەکانیش لای ڕۆژهەلاتییەکان، لە پێناسەی ڕۆشنبیر کێ یە؟ ئەوترا: کەسێکە لەهەرشتێ شتێک ئەزانێ و لەیەک بواردا شارەزایە. وەلێ لەمڕۆدا، لە دونیای مۆدێرنەدا. ئەم پێناسەیە بۆ (ڕۆشنبیری شارەزا) کورت هێنەرە و یارمەتیمان نادات بۆ دۆزینەوەی کەسی داهێنەر و پسپۆڕ. لە مۆدێرنەدا کەسەکان ناتوانن لە کۆی شتەکان بزانن، بەهۆی خێرایی پێشکەوتنەکانەوە زانستیەکان وورد و بەش بەش کراون. چەمکی لەهەموو شتێ زانین هەڵەیە،لەمڕۆدا ئەو کەسەی لە مەڕ دیاردەکان بە گشتی و (عمومیان) بدوێ پێی ناوترێ پسپۆڕ. پسپۆڕ لە فەرهەنگەکاندا لە زمانی ئینگلیزیدا Special بەواتای تایبەت دێت. بە پسپۆڕ ئەڵێن: Specialist دژەکەی و پێچەوانەکەی بریتییە لە General واتە گشتی و Generalist گشتگیری- عمومیەت. لە فەرهەنگی عەرەبیدا چەند مانەیەک و هاومانای هەیە، وەک ( عارف، ماهر، مُدڕك، قدیر، مُتَمَڕس، مُختَص) دژەکەی و پێچەوانەکەی بریتییە لە: ( احمق، جاهِل، راسب، غبی، فاشِل، مُتهاون، مُغفل...) پێناسەکردنی (خبیر) لە زمانی عەرەبیدا ئاوا هاتووە: الخبیر: ژو الخبره الژی یخبر الشیو بعلْمِهِ. یان خبیر: ژو خبره فی مجالِهِ – العارف بعَمَلِهِ. بێگومان لەنێوان شارەزاو پسپۆڕیدا جیاوازی هەیە (خبیر – شارەزا) کەلەزمانی کوردیدا زۆر بەکاردێت ئاستێکی کەمتری لە پسپۆڕی هەیە. بۆ نموونە: دەوترێ فڵان شارەزایە لەهەنگ بەخێوکردندا، شارەزاییەکەی دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین ساڵ خزمەتی هەنگەڵانیەکەیەتی. یان فلان کەس لەباخەوانی یان مەڕداری، شارەزایە. ئەوانە شارەزان بەهۆی ساڵانی کارکردنیان لەپیشکەی خۆیاندا کە بە ئەزموونی کارکردنی چەندان ساڵەیان پێی گەیشتوون. بەڵام ناتوانین بڵێین ئەوانە پسپۆڕن چونکە بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە بوارەکەدا نەیانخوێندووە. کاتێ ئەڵێین: فڵان کەس پسپۆڕی پەروەردەیە، ئەبێ تایبەتمەندی (Special)ی هەبێت لە تیۆرییەکانی فێربوون و پەروەردەدا. لێرەوە ئەگەیتە ئەو ڕاستییەی کە بڵێین پسپۆڕ بەکەسێک ئەوترێ: کەلەبوارێکی (دیاریکراو)دا زانیارییەکی(تەواو)ی یان باشی هەبێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەم پسپۆڕییەش (٣) ڕێگا هەیە: 1- پەروەردەو فێرکردن و خوێندنی ئەکادیمی. 2- ڕاهێنان و مەشق. 3- ئەزموون و کارکردنی چەندان ساڵەی لەکاری پسپۆڕییەکەیدا. کەسی پسپۆڕ ئەبێت ئەم مەرجانەی تیادابێت: 1- باوەڕی بەخۆی هەبێ. 2- لەو شتەی کە ئەدوێ، (زانیاری تەواوی) هەبێ 3- لەکەمترین کاتدا بڕیارێکی ڕاست و دروست بدات، بڕیارەکەی (مەرجە دروست بێت). 4- توانستی چارەسەری کێشەکەو ناسینەوەی کێشەکەی هەبێت، نموونە: کێشەکانی هاتوچۆ یان پەروەردە زۆرینەمان هەستی پێدەکەین، بەڵام نازانین چۆن ڕێگا چارەی بۆ بدۆزێنەوە. 5- زوو بتوانێ هەست بە کێشەکان و شتەکان بکات. 6- پێشکەوتن و نوێگەری بکات لەکارەکەیدا و نەوەستێت. 7- توانستی لێکدانەوەو هەڵاوێرکردن و یەکلاکردنەوەی ڕاکان و بۆچوونە جیاوازەکانی هەبێت و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. 8- بڕوانامەی هەبێت. 9- توانای سەرنجڕاکێشانی دەوروبەری هەبێت. حکومەتی هەرێم و شارەزا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بەنووسراوی ژمارە (٢٨٤) لە 18/1/2015 دا چەند مەرجێکی دیاری کردووە بۆ فەرمانبەر کەناونیشانی وەزیفی بگۆڕێت بۆ شارەزا لەوانە: 1- بڕوانامەی زانکۆی هەبێت و (١٠) ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووبێت. 2- ١٧ ساڵ خزمەتی وەزیفی بە فعلی هەبێت. 3- ٥ ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت لە پلەی ٢ 4- توێژینەوەیەک لە پسپۆڕی خۆیدا پێشکەش بە لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بکات و پەسەند بکرێ. 5- توێژینەوەکەو بڕوانامەکەی لەگەڵ شوێنی کارەکەیدا بگونجێ. مێدیای کوردی و پسپۆڕ بە ووردبوونەوە و خوێندنەوەی ئەو دێڕو پێناسەو مەرجانەی سەرەوە بۆ کەسی پسپۆڕ، ووردبوونەوەو سەرنجدانی مێدیاکارانی کورد لەساڵانی ڕابردووداو شێوازی مامەڵەو ناساندنی خەڵکانێکی زۆری (ناپسپۆڕ) بە پسپۆڕدانانیان و هێنانیان بۆ سەر شاشەکان. تێدەگەین کە زۆرینەی مێدیاکاری کورد زۆر کەم ئاگاداری ناسنامەی میوانەکان و ئەو پیشەو بوارانەبوون کە میوانداری کەسەکانیان تێدا کردووە. مێدیاکاری کورد زۆرینەیان لەبەر تەمەڵی و بۆ بەڕێکردن وپڕکردنەوەی کاتی بەرنامەکانیان گەلێ جار میوانی پاڵەوانی ساختەیان هێناوەتە سەر شاشە، بەمەبەستی ئایدیۆلۆژی و لە دۆخێکی تایبەت و بۆ مەبەستێکی تایبەت و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. میوانی بەرنامە لەبەرئەوەی پیشەیەکی دیاریکراوی نییە، پسپۆڕییەکی نییە، بڕوانامەیەکی باشی نییە. بە چالاکەوان، چاودێر، هەڵسوڕاوی کۆمەڵی مەدەنی، شارەزا لەگەشەی مرۆیی، پسپۆڕی سیاسی و چەندان ناو ناسنامەی تریان بەخشیوەتە میوانە بێ ناسنامەکانیان. بەم کارەیان چەواشەی بینەرو کاتی بەرنامەکانیان پڕکردۆتەوە ئەوان ، مەبەستیان نییە فڕێدانی زانیارییەکان لە زاری نەشارەزاوە چەند دەرئەجامی هەڵەو دۆگمای بیرکردنەوە لە هزری بینەردا دروست دەکات زۆرجارو لە زۆربواردا (شارەزاکان) ناشارەزایان کردووین. لەزۆرینەی چاوپێکەوتن و لێدوانەکانیاندا کەسی میوان لە ژێر تایتڵی شارەزادا. بۆ ئاراستەکردنی بینەر، لێڵکردنی بەرچاویان و بەخۆڵەمێشکردنی زانیارییەکان. تا لەپێکهەڵپرژانی حیزبی و گەمەی ئایدۆلۆژیادا ڕاکانیان و هۆشیاری گشتی بە قازانجی خۆی و لێدانی بەرامبەر بەکاربهێنێ. لەبواری هاتوچۆشدا چەندان کەسمان پێناسێنرا لە ژێر تایتڵی ( شارەزای بواری هاتوچۆ) بەپێی مەرجەکانی پسپۆڕی و شێوازەکانی بەدەستهێنان و پێناسەی چەمکەکەش بێت، هیچ یەکێک لەو بەڕێزانەی ئەم ناونیشانەیان بۆخۆیان هەڵگرتووە یان پێیانەوە لکێنراوە، شارەزا نەبوون و کارێکی نەشیاوی هەڵەی میدیایی بووە، تاهەنووکە، ئەز کەسێکی پسپۆڕ لە کوردستاندا نابینم لەبواری هاتوچۆدا پسپۆڕبێت. بەداخەوە کە دۆخەکە بەم شێوەیەیە و پسپۆڕێکمان نییە گرفتە جۆربەجۆرەکانی هاتوچۆمان بۆ شیکار و شرۆڤە بکات و ئەلتەرناتیڤ و چارەسەرەکانمان بۆ بخاتە ڕوو. لەڕاستیدا بەڕێژەی جیاواز زانیاری لای هەموومان هەیە، چ ئەوانەی لەناو هاتوچۆدا کار دەکەن وە ئەوانەشی کە لە دەرەوەی هاتوچۆدان. ئەکرێ بە کۆکردنەوەو بە یەکگەیشتن لەسەر خەرمانی گفتوگۆ بۆ بەرژەوەندی گشتی تەتەڵەی زانیارییەکان بکەین و شەنی گرفتەکانی هاتوچۆی لێبکەین. دواجار ئەو ڕاستییەش ئەبێ بزانین، (هاتوچۆ زانستە)و ناکرێ سادەو سەرپێی بەکەمە زانیارییەکی کارگێڕی و پۆلیسییەوە ڕابەرایەتی بکرێ و پەنجەرەکانی بۆ وەرگرتنی شەماڵی زانیارییەکانی دەرەوەی خۆمان نەکەینەوە.