ماوەیەکە و لەسەر ڕێگای نێوان تاسلوجە – سلێمانی و لە ئاستی لەمپەڕەکاندا – تاسەی قیر- دیاردەیەکی دزێو و نادروست وەک مۆدێلێکی نوێ لە (سواڵ)کردن دروست بووە. چەند خانمێک بەبەکارهێنانی منداڵ لەتەمەنە جیاوازەکاندا ( لەناوەڕاستی) شەقامەکە ڕادەوەستن بە گریان و پاڕانەوە و دەست ڕاوەشاندن سواڵ دەکەن، بەبەرچاوی هەموو هاوڵاتییان و لە نێوانیشیاندا ( لایەنە پەیوەندیدارەکان) ئەم دیاردەیە تەنهاو تەنها پەیوەست نیە بە بارودۆخی ئابوورییەوە بەڵکو پەیوەستە بە (بێ دەنگی) و خەم ساردی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوەیە، چونکە ئەم دیاردەیە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو و تاکو ئەمڕۆ لە گۆڕەپان و نزیک ترافیک لایتەکان بوونی هەبووە، لەڕاستیدا خودی دیاردەکە نامۆنییە بەلامەوە هێندەی نامۆیی و بێباکی و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە!!! من وەک ئەفسەرێکی هاتوچۆ قسەم نییە لەسەر زیان و ڕەنگدانەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە چونکە کاروپسپۆڕی من نییە، بەڵکو لە ڕووی یاسایی و بێوەیی هاتوچۆییە وە سەرنجم هەیە،ئەویش نە گۆڕەپان و نزیک ترافیک لایتەکان و نە ناوەڕاستی شەقام و لەسەر لەمپەڕەکان شوێنی سواڵکردن نییە، چونکە ئەو شوێنانە جموجۆڵی بەردەوامی ئوتومبیل و هەموو جۆرە سوارڕەوێکی تێدایە و دەبێتە هۆی ئاستەنگ دروستکردن بۆ هاتوچۆ و شۆفێران و ئەگەری کەوتنەوەی ڕووداوی هاتوچۆی لێ دەکەوێتەوە و بێ گومان سەرەنجام لە ڕووی ئاماری قوربانیانی هاتوچۆ لەسەر حسابی هاتوچۆی سلێمانی لە کۆتایی ساڵدا ئەژمار دەکرێت، وە ئەگەر وەک هاوڵاتییەکی ئەم نیشتیمانەش بێت ئەوا بە مافی خۆمی دەزانم کە داوای بنەبڕ و چارەسەر کردنی ئەم دیاردەیەو پاراستنی کەرامەتی ئەو خانم و منداڵانە بکەم لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، وە بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە (کار و پسپۆڕی هاتوچۆی سلێمانی نییە) و ناشێت و ناکرێت لە دەروازەی پایتەختی ڕۆشنبیریدا سواڵکەر ( لەگەڵ ڕێزم بۆ مرۆڤایەتییان) پێشوازی لە خەڵک بکەن.
نووسینی ڕائیدی هاتوچۆ بەختیار محمد عبداللە بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان